هەواڵەکان

ڕاسان و پێشمەرگە

کەریم پەرویزی

خەباتی نەتەوەی کورد بۆ گەیشتن بە رزگاری و ئازادی، ئەزموونی زۆری لەگەڵ رێژیمە یەک لە دوای یەکەکان هەبووە و لەو ئەزموونانەدا هەندێکیان بە سەرکەوتن و هەندێکیان بە تامی تاڵی زەربەخواردن، وانەی وەرگرتووە. بەڵام بە هەموو هەوراز و نشێوەکانەوە، بەردەوام و بێ پسانەوە کاروانی خەبات و شۆڕش بەڕێوە بووە کە یەکێک لە نیشانە زیندوو و واقیعی و ئەمڕۆییەکانی ئەوەیە کە گەر لە هەموو شارەکانی ئێراندا، خۆپیشاندان دەکرێ و تەنانەت کچان و ژنانی ئازا و نەترس لەچکی بەزۆرەملێ بە دارەوە دەکەن و رایدەشەکێنن، چاویان لەسەر سەنگەری پێشەوەی ئازادی و دادخوازی، واتە کوردستانە کە پێشەنگی شۆڕش و ناڕەزایی دەربڕین بێ.

کوردستانی رۆژهەڵات، پێی ناوەتە قۆناخی راسانی رۆژهەڵات و ئەم قۆناخە نوێیەشی بە چەند ساڵێک پێش لە هەموو شوێنەکانی دیکە، لە جوغرافیای ئێران دەست پێکردووە. لەم قۆناخەدا پرسیارێکی گرنگ بەرەوڕووی کۆمەڵگا و چین و توێژە جیاوازەکان بۆتەوە؟ پێشمەرگە لە راساندا چ دەکا؟ یان بەواتایەکی دیکە پێشمەرگە و خەڵکی نارازیی چۆن یەک دەگرنەوە و ئایا بە بوونی پێشمەرگە ئیدی ئەرکەکە وەئەستۆی ئەوان دەکەوێ و خەڵک بڕۆنە ماڵەوە یان بەپێچەوانەکەی راستە و بە هاتنە مەیدانی خەڵک ئیدی ئەرکی مێژوویی پێشمەرگە کۆتایی هاتووە و لەمە بەدوا جڵەوی خەبات بە خەڵک بسپێردرێ و پێشمەرگەیش چەک فڕێ دا و ببێتە بەشێک لە ئاپۆڕای جەماوەر؟

ئەوەی راستییەکی تاڵە ئەوەیە کە رێژیمە داگیرکەرەکانی حاکم بە سەر کوردستاندا شێوازی بەرخۆدان و خەباتت بەسەردا دەسەپێنن؛ بەتایبەتی رێژیمی ویلایەتی فەقیهی لە تاران، تەنیا یەک زمان دەزانێ، زمانی زۆر و هەڕەشە و توندوتیژی، تەنانەت کچێکی کەم تەمەن کە لەچکی سپی رادەوەشێنێ لەگەڵ زیندان و ئەشکەنجە بەرەوڕوو دەبێتەوە، چ بگا بەوەیکە کوردێک بڵێ من ئەم رێژیمەم ناوێ و دەمهەوێ لەسەر خاکی خۆم، بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆم بدەم، ئیدی ئەوە دەبێتە دارەدەستی سەهیۆنیزم و ئیمپریالیزم و ناسیۆناڵیزم و … بەتازەیی عەرەبستانیزم! و تەنیا یەک حوکمی هەیە: دووجار ئێعدام!

لەم رێژیمە دڕندەیەدا، خەڵکی ئاسایی کە ویستێکی رەوا و زۆر سادە و سەرەتایی باس دەکەن، بە ئاگر و ئاسن وەڵامیان دەدرێتەوە؛ بۆ وێنە هەر لەم خۆپیشاندانانەدا بە وتەی بەرپرسانی رێژیم پێنج هەزار کەسیان دەسبەسەر کردووە، بۆیەش بە ئاگربارانەوە دێنە پێش تاکوو خەڵک چاوترسێن بکەن و سروشتیە کە لە بەرامبەریشدا خەڵک پەنا بۆ شتێک ببەن کە لە ئاگری رێژیم بیانپارێزێ.

لە پێناوی خۆپاراستن لە ئاگری ڕێژیم و ورەدان بەو ناڕازیانە کە خەڵکی شوێنەکانی دیکەی ئێران چاوەڕوانن کوردستانیش بێتە مەیدانی پشتیوانییان و هەر لەو ئاراستەیەشدایە کە کاتێک لە کوردستان خۆپیشاندان دەکرێ خەڵک دەڵێن پێشمەرگە لەکوێیە؟

لە وەڵامی ئەو داوا و چاوەڕوانیەدایە کە پێگەی دروستی پێشمەرگە لە راساندا دەدۆزرێتەوە: ئامادەبوونی پێشمەرگە لە نێو دڵی خەڵک بۆ ورەدان بە خەبات و پاراستنی خەڵک لە ئاگری ڕێژیم؛ ئەمە ئەرکی نوێی پێشمەرگەی سەردەمی راسانە.

لەم دۆخ و قۆناخە نوێیەدا، چیدی پێویست ناکا تەنیا شاخ هێلانەی پڵینگەکانی نێو رەوی خەبات بێ، بەڵکوو شار دەبێ بە فێرگەی سیاسی نیزامی و پێشمەرگە بار دێنێ و بە شێوازی نوێ و پێویست پەروەردەیان دەکا. لەم بەرگ و ئەرکە نوێیەدا، ئیتر ژنان و پیاوانی چاو لە ئاسۆی روون، کچان و کوڕانی گەنجی دڵ پڕ لە هیوا، لە نێو شاردا لە حەوشەی ماڵەکەیاندا چەکی شاردراوەی باب‌وباپیرانیان هەڵ دەدەنەوە و دەری دێنن و خاوێنی دەکەنەوە. ئەوان بە خاوێن‌کردنەوەی ئەو چەکانە و خۆپێڕاهێنانیان، ئەرکی پێشمەرگەی پارێزەری خەڵک وەئەستۆ دەگرن، تاکوو بەو زمانە لەگەڵ ڕێژیم قسە بکەن کە تێی دەگا.

Facebook Comments
زياتر نيشان بدە

Chiya Qadri

ھاوکاری بەشی راگەیاندن و سه‌رپه‌ره‌شتیاری ماڵپه‌ڕ / نۆڕوێژ

بابەتی زیاتر لە رووداو