هەواڵەکان

حیزبی دێموکرات و کۆمەڵە: پێش بە ماشینی کوشتاری ڕێژیم بگرن

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، لە ڕاگەیندراوێکی هاوبەشدا, داوایان لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد، بە هانای خەڵکی ئێرانەوە بچن و پێش بە ماشینی کوشتار و داپڵۆسێنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێراندا بگرن.

دەقی ڕاگەیندراوەکە:

پێش بە ماشینی کوشتاری ڕێژیم بگرن

کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان

نەتەوە مافخوازەکانی ئێران

خەڵکی ئازادیخواز

کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەیییەکان

هەروا کە بینیمان لە میانەی چەند ڕۆژ خۆپێشاندانی ئێعترازیی جەماوەری و سەرتاسەرییەکانی خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران و هاواری مافخوازیی نەتەوەکان لە ئێراندا، کۆماری ئیسلامی ئەم جارەش بە بەرچاوی هەموو جیهانەوە جگە لە سەرکوت و داپڵۆساندن، هیچ وڵامێکی دیکەی بۆ داخوازی ڕەوا و مەدەنییانەی خەڵکانی ناڕازی نەبوو.

لەم ماوەیەدا بەپێی ئامارە فەرمی و نافەرمییەکان، بە هەزاران کەس لە لایەن دامودەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کراون و سەدان کەس بریندار و دەیان کەسیش لە سەر ناڕەزایەتی دەربڕین لە شەقامەکان، بە دەستی هێزەکانی ڕێژیم کوژراون.

لە ڕەوتی دەسبەسەرکردنی ناڕازییان، بەوپەڕی توندوتیژییەوە هەموو مافە ئینسانی و یاسایییەکانی دەسبەسەرکراوان پێشێل کراون. کۆماری ئیسلامی ئەم جارەش تەنیا به ئەشکەنجە و سەرکوت و داپڵۆسین وڵامی داخوازییەکانی کۆمەڵانی خەڵکی دایەوە. لەم ڕۆژانەشدا، خامنەیی ڕێبەری ڕێژیم ڕایگەیاند کە ئەو کەسانەی لە خۆپیشاندانەکاندا بەشدار بوون مۆرەی دوژمنن و وێڕای بە “وەحشی” ناوی بردنیان، فەرمانی سەرکوتی توندوتیژتری دەرکرد و بۆیەش مەترسیی گیانی دەسبەسەرکراوان و خەڵکی ناڕازی و زیندانییانی سیاسی زۆرتر بووەتەوە.

بەپێی هەواڵەکان چەند کەس لە دەسبەسەرکراوان لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژراون و بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک، ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە نیازی ڕێخستنی شەپۆلێکی دیکەی ئێعدامی زیندانییانی سیاسییە.

ویژدانە ئازادیخوازەکانی جیهان!

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، سەرچاوەی تیرۆریزمی نێودەوڵەتییە و خەڵکی ڕاپەڕیو وئازادیخوازی ئێران پێویستیان بە پشتیوانیی هەموو جیهانە تا بە دەستی بەتاڵ بەڕەوڕووی ئەم ڕێژیمە نەبنەوە. ئەم ڕێژیمە لە ڕابردووشدا نیشانی داوە و ئیستەش هەمان ڕەوت درێژە دەدات و تۆڵەی هەموو شکستە سیاسی و پووچەڵ بوونەوەی پیلان و ئاژاوەگێڕییەکانی لە خەڵکی بێدەسەڵاتی وڵاتەکەی خۆی دەستێنێتەوە و بۆ ئەمەش لە زیندانییەکانەوە دەست پێ دەکات. بۆیە پێویسته هەرچی زووتر کۆمەڵگای جیهانی هەڵوێستی هەبێ و پێش بە ماشینی کوشتار و تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی بگرێت.

هەر لەو پێوەندییەدا، وەزیری ئیتلاعاتی ڕێژیمی تاران، هەڕەشەی لە حیزبەکانی کوردستان کردووە و ڕایگەیاند کە گورزی قورسیان لێ دەوەشێنن. ئێمە نیگەرانی کردەوە و پیلانە تیرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامین، بەتایبەت بەرامبەر به ژن و منداڵی کوردانی ئێران کە لە کوردستانی عێراق نیشتەجێن. جێی وەبیرهێنانەوەیه پێشتریش بە دەیان کەس ئەندام و ڕێبەرانی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە تێرۆر کراون و هەمیشە کردەوەی تیرۆریستی و تەقینەوە بە دژی ژن و منداڵی کوردەکانی ئێران لە کوردستانی عێراق ئەنجام دراوە.

خاوەن هەڵوێست بوونی کۆمەڵگای نێونەتەوەیی و کۆڕ و کۆمەڵ و ڕێکخراوە مافی مرۆیییەکان و وشیاری ڕای گشتی جیهانی و میدیاکان بۆ بە هاناوە چوونی خەڵکی بێدەسەڵات و ناڕازی ئێران دەتوانێت یارمەتیدەرێکی بەهێز بێت بۆ وەستانی ماشینی کوشتار و داپڵۆسینی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە ئێران.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢١ی بەفرانباری ١٣٩٦
١١ی ژانویەی ٢٠١٨

Facebook Comments
زياتر نيشان بدە

Chiya Qadri

ھاوکاری بەشی راگەیاندن و سه‌رپه‌ره‌شتیاری ماڵپه‌ڕ / نۆڕوێژ

بابەتی زیاتر لە رووداو