٧ لاوی کورد ئەگەری ئێعدامیان لە ئارادایە

٧ لاوی کورد کە لە کاتی مێرمنداڵیدا، تووشی قەتڵ ببوون، لەلایەن دادگای شارەکانی سنە، مەهاباد، سەقز و میاندواوەوە حوکمی ئێعدامیان بە سەردا سەپاوە. 

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ئاژانسی هەواڵدەریی کوردپا، ٧ لاوی کورد، بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست تۆمەتبار کراون، و لە لایەن دادوەری دەزگای قەزایی ئێرانەوە، حوکمی قیساسیان بە سەردا سەپاوە.

 

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، شوناسی ئەو ٧ لاوە کوردە، بە ناوەکانی “ڕەئووف حەسەنی” کوڕی محەممەد کەریم، “ئازاد محەممەد زادە” کوڕی عوسمان، “ساڵح تەیمووری”، کوڕی جەلال،”خالید ڕەسووڵی” کوڕی مستەفا،”ئەسعد ڕەسووڵ نێژاد” کوڕی عەلی،”ناسر خزری” کوڕی عەبدوڵڵا” و “یەدوڵڵا ڕەحیم زادە” کوڕی خوسرەو، ڕاگەیەنراوە.

ئەو ٧ مێرمنداڵە کوردە، لە کاتێکدا بە تاوانی کوشتنی بە ئەنقەست تۆمەتبار و دەستبەسەر کراون، کە تەمەنیان ١٥ ساڵان بووە.

ئەو ٧ لاوە کوردە، خەڵکی شارەکانی سنە، سەقز، بٶکان، مەهاباد و میاندواون.

دەرکردنی حوکمی قیساس بۆ ئەو ٧ لاوە کوردە، لەکاتێکدایە کە تەمەنی سزای جەزایی منداڵان بۆ کوڕان، ١٥ ساڵ و بۆ کچانیش ٩ ساڵ دیاری کراوە.

کۆنڤانسیۆنی مافەکانی منداڵ، ئێعدامی کەسانی تەمەن ژێر ١٨ ساڵی قەدەغە ڕاگەیاندووە.

ئێران وەکوو ئەندامی “میساقی نێونەتەوەیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان” و “کۆنڤاسیونی مافی منداڵان” بەرپرسیارە لە ئێعدام نەکردنی منداڵانی تەمەن ژێر ١٨ ساڵ و بە پێشێل کردنی ئەو ڕێککەوتنە، بە یەکێک لەو وڵاتانە بە ئەژمار دێت کە منداڵان ئێعدام دەکەن.